Thursday, August 19, 2010

شیعر

هه‌ڵوه‌دا
17/5/2008
Shewaw_2009@hotmail.com

شیعر خه‌یاڵی رۆژانی له‌ده‌ستچووه‌ و به‌رده‌وام له‌ناو مێشکدا ده‌خولێته‌وه‌.
شیعر هه‌ستی ده‌ورانی لاوێتی یه‌و له‌کۆتایی ته‌مه‌ندا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌.
شیعر بوڕکانی عه‌شقه‌و له‌دوای تێپه‌ڕبوونی سه‌رده‌می لاوێتیدا ده‌ته‌قێته‌وه‌.
شیعر خۆشه‌ویسترین هاوڕێی ژیانه‌، که‌هه‌ر له‌ته‌نیاییدا له‌ده‌رگای دڵده‌داو به‌دیدار شاد ده‌بێته‌وه‌.
شیعر ئاره‌زوویه‌کی دێرینه‌و له‌کاتی بێ هیوایی دا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
شیعر ده‌رمانێکی ئارام به‌خشه‌و دڵه‌ نائارامه‌کان ئارام ده‌کاته‌وه‌.
شیعر ئاوی ژیانه‌و ته‌مه‌ن تازه‌ ده‌کاته‌وه‌.
شیعر تیشکی خۆره‌و ده‌روونه‌ تاریکه‌کان رووناک ده‌کاته‌وه‌.
شیعر بارانی ڕه‌حمه‌ته‌و‌ ئه‌وینی سیس بو و سه‌وز ده‌کاته‌وه‌.
شیعر شنه‌بای به‌ره‌به‌یانه‌و دڵی گه‌رمی پڕ خۆشه‌ویستی، فێنک و ئارام ده‌کاته‌وه‌.
شیعر به‌هاری عه‌شقه‌و له‌پاییزی ته‌مه‌ندا، دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌.
شیعر هاواری ده‌نگی بێنه‌وایانه‌و له‌هه‌موو دنیادا ده‌نگ ده‌داته‌وه‌.
شیعر تۆفانه‌و کۆشکی به‌رزی زۆرداران تێکده‌ڕوخێنێ و ئاوه‌ژووی ده‌کاته‌وه‌.

من ده‌ریام

هه‌ڵوه‌دا
Shewaw_2009@hotmail.com
‏20‏/08‏/2010

من ده‌ریام و شلوێ نابم
به‌ده‌می سه‌گ قه‌ت پیسنابم
چون که‌سێکم خۆم ده‌ناسم
بۆیه‌ هه‌رگیز توڕه‌ نابم

تیرو توانج و قسه‌ی پڕوپووچ
لێرو له‌وێ بۆ هیچ و پووچ
دادیان ناداو سوودیی نی یه
چون ئه‌وانن هه‌ر مایه‌پووچ

‌بێ نرخه‌کان چونکه‌ بۆشن
له‌ناو خه‌ڵکا تێده‌کۆشن
ژه‌هری زمانیان بخه‌نه‌‌گه‌ڕ
تا ڕووی ره‌شیان دابپۆشن

ئه‌وه‌ی خه‌ڵک به‌که‌م ده‌گرێ
ته‌نیا هه‌ر خۆی به‌که‌م ده‌گرێ
چون له‌ناخ دا نرخیی نی یه‌
بۆیه‌ وه‌ک سه‌گ مرۆڤ ده‌گرێ